![]()

له شاری ئامه‌د زیاتر له یه‌ک ملیۆن کوردستانی به په‌یامی، مرۆڤی ئازاد، ناسنامه‌ی ئازادی، نه‌ورۆزی 2009 یان له گه‌لی کورد و گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین پیرۆز کرد. له مه‌یدانی پیرۆزبایه‌که‌دا په‌یامی ڕێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان خوێندرایه‌وه.
له پیرۆزباییه‌که‌دا شاره‌داریی گه‌وره شاری ئامه‌د عوسمان بایده‌میر ڕایگه‌یاند، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به بێ گه‌لی کورد، ئاشتی پێک نایه.
له لایه‌کی تر له‌یلا زانا له سه‌باره‌ت به چه‌کداماڵینی په‌که‌که ڕه‌خنه‌ی له تاڵه‌بانی گرت. زانا بانگی یه‌کێتی گه‌لی کوردی کرد و ووتی: یه‌کێتیی گه‌لی کورد مزگێنیی ئازادییه.
دواتر هاوسه‌رۆکی ده‌ته‌په ئه‌حمه‌د تورک له په‌یامی خۆیدا، ڕێگای ئاشتی ده‌ستنیشان کرد و ووتی: ده‌بێ له گه‌ڵ تیکۆشانی گه‌لی کورددا دیالۆگ ده‌ست پێبکا. به‌ڕێز ئۆجه‌لان بۆ گه‌لی کورد گه‌لێک گرنگه. ده‌بێ ئۆجه‌لان ئازاد بکرێ. ته‌نها ئه‌وکات ئێمه ده‌توانین بڵێین ئاشتی.
**********
له لایه‌کی تر،ئاگری نه‌ورۆز، له زۆربه‌ی شاره‌کانی باکوری کوردستان به‌به‌شداری سه‌دان هه‌زار کوردستانی هه‌ڵکرا. لێره‌دا سه‌نجتان بۆسه‌ر به‌شیک له پیرۆزبایه‌کان ڕاده‌کێشین،
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ کوردان بۆ پیرۆزکردنی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز، پۆل پۆل ڕیان له مه‌یدانی پیرۆزباییه‌کان ده‌کرد. له ناوچه‌ی نوسیبینی ماردین، هه‌زاران کوردستانی بۆ هه‌ڵکردنی ئاگری نه‌ورۆز له‌ده‌وری یه‌کتر کۆبونه‌وه. ژنانی کورد به جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌ی کوری، مه‌یدانی پیرۆزبایه‌که‌یان خه‌مڵاندبوو. جه‌وانانی کوردیش به وتنه‌وه‌ی دروشم، پیرۆزبایه‌که‌یان به‌گوڕ تر کرد.
پیرۆزبایه‌که به به‌ستنی گۆڤه‌ند و چڕینی گۆرانی درێژه‌ی پێدرا.
له ناوچه‌ی هه‌زه‌خی شرناخیش، کوردستاناین له مه‌یدانه‌کاندا نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد.
زیاتر له 30 هه‌زار کوردستانی له پیرۆزبایه‌که‌دا گه‌یشتنه یه‌ک له‌ناویاندا پاله‌مه‌نته‌رانی ده‌ته‌په‌ش، هه‌بوون.
دوابه‌دوای پێشکه‌شکردنی وته‌کان، ئاگری نه‌ورۆز هه‌ڵکرا و گه‌ل به هه‌ڵپه‌ڕکێ و وتنه‌وه‌ی دروشم، جۆشیان به پیرۆزبایه‌که دا. مه‌یدانی پیرۆزبایه‌که به ئاڵاکانی که‌جه‌که و پۆسته‌ره‌کانی ئۆجه‌لان خه‌مڵێندرابوو.
ناوه‌ندیکی تری پیرۆزبایه‌کان شاری موش بوو. زیاتر له 20 هه‌زار کوردستانی، بۆ پیرۆزکردنی نه‌ورۆز، له‌ده‌وری یه‌کتر کۆبونه‌وه و ئاگری نه‌ورۆزیان داگیرساند.
کوردستانیان، به ڕه‌نگه‌کانی که‌سک و سور و زه‌رد، ڕه‌نگی نویبونه‌وه‌ی ساڵیان نواند. به وتنه‌وه‌ی دروشم، به‌ستنی گۆڤه‌ن و چرینی گۆرانی، مه‌یدانی پیرۆزبایه‌که‌یان هه‌ژاند.
ناوچه‌ی بازیدی ئاگری، هه‌رێمی تری پیرۆزبایه‌کانی نه‌ورۆز بوو.
زیاتر، له پازده هه‌زار کوردستانی به جۆسێکی زۆره‌وه، ئاگری نه‌ورۆزیان هه‌ڵکرد. دواتر، به‌ده‌م لێدانی ده‌هۆڵ و زوڕنا، شایی گێڕدرا. هونه‌رمه‌ندانی هه‌رێمیش، به پێشکه‌ش کردنی گۆرانییه‌کانیان، گه‌لیان به‌جۆشتر کرد
ناوه‌ندیکی تری پیرۆزبایه‌کان، شاری دیرسیم بوو.
له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی شاره‌که‌دا کوردستانیان به‌هه‌ڵکردنی ئاگری نه‌ورۆز، پابه‌ندبونی خۆیان به دۆزه ڕه‌واکه‌یان دوباره کرده‌وه.
گه‌ل به ده‌م وتنه‌وه‌ی گۆرانی و دروشم، هه‌ڵپه‌ڕین و پیرۆزبایه‌که‌یان به‌جۆشتر کرد.
*********
له وارگه‌ی په‌نابه‌رانی مه‌خموور، ڕێپێوانێکی به مه‌شخه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوو.
له ڕێپێوانه‌که‌دا به‌رده‌وام درووشمی پابه‌ندبوون به ئۆجه‌لانه‌وه ووترانه‌وه،
له که‌مپی په‌نابه‌ری مه‌خموور دوێنێ ئێواره به به‌شداریی هه‌زاران کوردستانی ڕێپێوانێکی به مه‌شخه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوو. ڕێپێوانه‌که له لایه‌ن خوێندکار و مامۆستایانی مه‌خمووره‌وه ڕێکخرابوو.
له ڕێپێوانه‌که‌دا جه‌وانان سه‌رجه‌م ئاڵاکانی که‌جه‌که و پۆه‌سته‌ری مه‌زنی ڕێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به‌رزکرانه‌وه.
به ئامانجی پشتگیری پیرۆزبایه‌که، مه‌شخه‌ڵ له هه‌ر ماڵێکدا هه‌ڵکران.
هاوکات له گرده‌کانی ده‌وروبه‌ری قه‌ره‌چۆخ، جه‌وانان به ئاگر نه‌ورۆز و ئاپۆیان نووسی.
له کۆڵانه‌کانی که‌مپی مه‌خموور تا دره‌نگانی شه‌و به هه‌ڵپه‌رکێ نه‌ورۆز پیرۆز کرا.
***********
جه‌ژنی نه‌ورۆز له هه‌رێمه‌کانی پاراستنی مێدیا له لایه‌ن گه‌ریلا و گه‌لی کورده‌وه پیرۆز کرا.
سه‌ره‌ڕای تۆپبارانه‌کانی ڕژیمی ئێران، دوێنێ ئێواره له زۆربه‌ی چیا‌و زۆزانه‌کانی هه‌رێمی قه‌ندیل و چیاکانی هه‌رێمه‌کانی پاراستنی مێدیا، گه‌ریلاکان له گه‌ڵ گه‌لی کورد له هه‌رێمه‌که ئاگری نه‌ورۆزیان کرده‌وه و به‌جۆشێکی مه‌زنه‌وه گۆڤه‌ندیان گرت. گه‌ریلاکانی کورد له سه‌ر لووتکه‌ی چیاکان به ئاگری نه‌ورۆز نووسیان ئاپۆ.
پیرۆزباییه‌کانی دوێنێ ئێواره‌ی نه‌ورۆز به کردنه‌وه‌ی ئاگر له لووتکه و بناری چیاکان، سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، درووشمه‌کانی بژی سه‌رۆک ئاپۆ و شه‌هید نامرن، ده‌ستی پێ‌کرد. پیرۆزباییه‌کان به گۆڤه‌ند و دیلان به‌رده‌وام بوو.
هاوکات تۆپخانه‌کانی ئه‌رته‌شی ئێران تۆپبارانی گونده‌کانی بناری قه‌ندیلیان ده‌ست پێ‌کرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه گه‌ل و گه‌ریلا به‌رده‌وام بوو له پیرۆزبایی نه‌ورۆز.
له زۆربه‌ی چیاکانی قه‌ندیل، تا دره‌نگانی شه‌و له‌به‌ر ئاگری نه‌ورۆز هه‌ڵپه‌ڕین. سه‌رنج ڕاکیشترین تابلۆ،، نووسینی ئاپۆ بوو که گه‌ریلاکان ئاماده‌یان کردبوو.
**********
له باشوری کوردستانیش ڕۆژی نه‌ورۆز به گه‌رمی پیرۆز ده‌کرێت.
دوای ئه‌وه‌ی که ڕۆژی ڕابڕدوو به ده‌یان هه‌زار که‌س، له شاری سلێمانی جه‌ژنی نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد، شه‌وی ڕابڕدووش به هه‌زاران که‌س له خه‌ڵکی شاری دهۆک له هه‌رێمی بادینان، هاتنی نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد.
نزیکه‌ی 500 جه‌وانی کورد به جل و به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌شغه‌ڵ به ده‌ست، له به‌رزایی چیایه‌کی نزیک شاری دهۆک سه‌رکه‌وتن و به نیشانه‌ی به‌رز ڕاگرتنی ئاگری کاوه‌ی ئاسنگه‌ر، ئاگرێکیان له سه‌ر چیاکه کرده‌وه.
********

به سه‌دان هه‌زار کورد له باشووری ڕۆژاوای کوردستان و سوریه‌ش، به یه‌ک ده‌نگ، هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد.
له شاری قامیشلۆی باشووری ڕۆژاوای کوردستان، به ده‌یان هه‌زار کوردستانی، له ده‌وری یه‌کتر کۆبوونه‌وه هاتنی نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد.
کوردستانیانی وڵاتپارێز، جل و به‌رگی نه‌ته‌وه‌ییان له به‌ر کرد و ئاڵاکانی پ ک ک و وێنه‌کانی ڕێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانیان به ده‌سته‌وه گرت.
هاوکات له شاری کوبانێ، به ده‌یان هه‌زار کوردستانی، به خوێندنه‌وه‌ی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، جه‌ژنی نه‌ورۆزیان پیرۆز کرد.
کوردان، به هه‌ڵگرتنی ئاڵاکانی پ ک ک و په‌یه‌ده و هه‌روه‌ها پۆستێره‌کانی ئۆجه‌لان، دیمه‌نێکی ڕازاوه‌یان ئافراند. کوردانی شاری کوبانێ، له پێناو ئازادی ئۆجه‌لان درووشمیان گوته‌وه و پشتیوانی خۆیان له ڕێبه‌ری گه‌لی کورد و جووڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی پ ک ک ڕاگه‌یاند.
هه‌روه‌ها له شاری " توربه سپیه" به ده‌یان هه‌زار کوردستانی به جل و به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی، له مه‌یدانی چالاکی دا کۆبوونه‌وه.
له مه‌یدانی چالاکیه‌که دا ئاڵاکانی پ ک ک و که‌جه‌که‌ی ڕۆژاوا، به‌رز کرانه‌وه.
ئه‌مڕۆ جیا له شاره‌کانی باشووری ڕۆژاوا، به ده‌یان هه‌زار که‌س له کوردانی دانیشتووی شاره‌کانی سوریه‌ش، به هه‌ڵگرتنی ئاڵا و ڕه‌نگه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی، شایی نه‌ورۆزیان به‌ڕێوه برد.
کوردان به تایبه‌تی له شاری حه‌له‌بی سوریه کۆبوونه‌وه و به درووشمی ئازادیخوازانه‌یان، پشتیوانی خۆیان له ئۆجه‌لان و تێکۆشه‌رانی پ ک ک ڕاگه‌یاند.
هه‌روه‌ها له شامی پایه‌ته‌ختی سوریه‌ش، به ده‌یان هه‌زار کوردستانی ، به ئامانجی ڕێز گرتن له یاد و تێکۆشانی ئه‌و که‌سانه‌ی که له ڕێگای ئازادی کوردستان ژیانی خۆیان له ده‌ست داوه، پێشوازیان له نه‌ورۆز کرد.
له شاری ڕه‌قای سوریه‌ش، ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له کوردانی دانیشتووی ئه‌و شاره، له کۆبوونه‌وه‌یه‌ک دا هاتنی نه‌ورۆزیان جه‌ژن گرت.
به ده‌یان هه‌زار که‌س به جل و به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی، له‌و ڕێ و ڕه‌سمه دا به‌شداریان کرد و چه‌ندین به‌رنامه‌ی هونه‌ریش پێشکه‌ش کران
